ئۆپڵ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-06-21-21:45:00 - کۆدی بابەت: 12041
ئۆپڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێژووی کۆمپانیای ئۆپڵ (بە عەرەبی: تٲریخ شریکة اوبل، بە ئینگلیزی: History of Opel company) کۆمپانیای ئۆپڵ دامەزراوەیەکی پیشەسازی بواری ئۆتۆمبیلە لە وڵاتی ئەڵمانیا، یەکێکە لەو براندانەی خاوەنی مێژوویەکی دێرین و خاوەن دەستکەوتی زۆرە. براندەکە لقێکە لە لقەکانی کۆمپانیای Stellantis کە خاوەنی ژمارەیەک براندی ترە وەکو (ئەلفا ڕۆمیۆ، کرایزلەر، جیپ، دۆج، ڕام، فیات، ماسێراتی، پیجۆ، ڤاوکسهال و چەندان براندی تر) کۆمپانیای ئۆپڵ لە بەرواری ٢١ ی کانوونی دووەمی ١٨٦٢ لە ئەڵمانیا دامەزاوە واتا بە نزیکەیی تەمەنی کۆمپانیاکە ١٦١ ساڵە. 

زانیارییە گشتییەکان

ناو Opel Automobile GmbH 
دامەزرێنەر ئادەم ئۆپڵ 
بەرواری دامەزراندن ٢١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٦٢. 
جۆری یەکەی بازرگانی لق 
بارەگای سەرەکی ڕوسێلشێیم ئام مەین، هێسی، ئەڵمانیا 
ژمارەی لقەکانی ئۆپڵ ١٠ یەکەی دروست کردن. 
شوێنی خزمەتکردن ئەورووپا، بەڕیتانیا، باشووری ئەمریکا، پاسفیک، ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
جۆری بەرهەمەکان ئۆتۆمبیلی ئاسایی، ئۆتۆمبیلی کارەبایی، ئۆتۆمبیلی بازرگانی "کارگۆ". 
باشترین ساڵ لە ڕووی فرۆش ساڵی ٢٠١٦، ١٫٢ ملیۆن ئۆتۆمبیلی فرۆشتووە. 
باشترین ساڵ لە ڕووی داهات ساڵی ٢٠١٦، ١٨٫٧ ملیار دۆلار داهاتیان بووە. 
ژمارەی فەرمانبەر ٣٧٫٠٠٠ فەرمانبەر ساڵی (٢٠١٧).
خاوەنەکانی ئۆپڵ جنڕاڵ مۆتۆرز ١٩٢٩-٢٠١٧، گرووپی PSA ٢٠١٧-٢٠٢١، ستێلانتیس لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە خاوەنیەتی.

کۆمپانیای ئۆپڵ سەرەتای دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ بەرواری ٢١ی کانونی دووەمی ١٨٦٢ کە لەلایەن بازرگانێک بەناوی "ئادەم ئۆپڵ" دامەزراوە، یەکەم جار کۆمپانیاکە ئامێری دوورینی بەرهەم دەهێنا. لە ڕوسێلشێم ئام مەین لە ئەڵمانیا. کۆمپانیاکە تا ساڵی ١٨٨٦ لەم جۆرە بازرگانییە بەردەوام بوو، دواتر لەو ساڵەدا واتا ١٨٨٦ دەستیان کرد بە دروستکردنی بایسکیل و لە ساڵی ١٨٩٩ش یەکەم ئۆتۆمبیلیان بەرهەمهێنا بە پڕۆگرامی Opel RAK کە یەکەم پڕۆگرامی دروستکردنی موشەک بوو لە جیهاندا لە ژێر سەرکردایەتی "فریتز ڤۆن ئۆپڵ" 

کۆمپانیاکە گەرچی بە فەرمی لە ساڵی ١٨٩٩ هاتە ناو پیشەسازی ئۆتۆمبیل، بەڵام لە هەمان کاتدا لە بواری موشەک و باڵۆندا کاریان دەکرد و بەرهەمی جیاوازیان هەبوو. کە دیارترینیان موشەکی ئۆپڵ لایتس بوو لە نێوان ١٩٢٨-١٩٢٩ کە پێوانەیەکی مێژوویی تۆمارکرد لە بڕینی مەودای درێژی و مانەوە لە ئاسماندا. لە ساڵی ١٩٢٩ کۆمپانیای GMC یان جنڕاڵ مۆتۆرز پشکەکانی ئۆپڵی کڕیەوە و کردیان بە لقێک لە لقەکانی کۆمپانیاکەیان کە نزیکەی ٩٠ساڵ خاوەنداریەتیان کرد بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ڤاوکسهال مۆتۆرزی بەڕیتانی. 

مێژوو

ساڵی ١٨٦٢-١٨٩٨ 

کۆمپانیای ئۆپڵ لە دامەزراندنی کۆمپانیایەکە بەناوی ڕوسێلشێم هێسی لە ئەڵمانیا کە لەلایەن "ئادەم ئۆپڵ" خاوەنداریەتی دەکرا، سەرەتای کارەکانی کۆمپانیاکە دروستکردنی ئامێری جل دوورین بوو تا ساڵی ١٨٨٦ لەم جۆرە بازرگانییە بەردەوام بوون، دواتر لە ١٨٨٦-١٨٩٩ بایسکیلیان دروست دەکرد کە بە " پێنی فارزینگ" ناسراو بوون و بۆ پێشبڕکێ بەکاردەهات هەر لە ساڵی ١٨٨٨ دوو کوڕەکەی ئادەم ئۆپڵ بەشداریان کرد لە پێشڕکێیەکی بایسکیل سواری و توانیان براوەی جامەکە بن. 

بە مردنی ئادەم ئۆپڵ لە ساڵی ١٨٩٥ نەخشەی بازرگانی کۆمپانیاکە گۆڕدرا سەرەڕای ئەوەی ئۆپڵ خاوەنی دەستکەوتی گرنگ بوو لە ئەڵمانیا و بازاڕی بایسکیل و ئامێری دروومانی داگیرکردبوو بەڵام میراتگرەکانی لە ساڵی ١٨٩٥-١٨٩٩ بیریان لەوە کردەوە بچنە بازاڕێکی تر و خۆیان نوێ بکەنەوە ئەویش بازاڕی پیشەسازی ئۆتۆمبیل بوو کە لە ساڵی ١٨٩٩ یەکەم ئۆتۆمبیلیان دروستکرد بە پڕۆگرامی موشەکی Opel RAK

ساڵانی ١٨٩٨-١٩٢٠

یەکەم ئۆتۆمبیلی ئۆپڵ لە ساڵی ١٨٩٨ لەلایەن سۆفیا هاوژینی ئادەم ئۆپڵ و دوو کوڕەکەی چووە قۆناغی بەرهەمهێنانی سەرەتایی. کۆمپانیاکە مافی هاوبەشی بەخشی بوو بە "فریدریک لوتزمان" کە شارەزایی هەبوو لە پیشەسازی ئۆتۆمبیل. ئۆتۆمبیلەکە لە ڕۆسێلشێم لە ئەڵمانیا بەرهەم هات و لە ١٨٩٩ خرایە بازاڕ بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و تەنها ٦٥ دانەی لێ بەرهەم هات و ١١ دانەی فرۆشران.

ساڵی ١٩٠١ ئۆپڵ گرێبەستێکی واژۆ کرد لەگەڵ کۆمپانیای دیرارک ئاوتۆمۆبیلی فەڕەنسی تاوەکو ئۆتۆمبیلێک لە ژێر ناوی ئۆپڵ بەرهەم بهێنن، ئەوەبوو بەپێی ڕێکەوتنەکە ئۆتۆمبیلی ئۆپڵ دیرارک بەرهەم هات. ئۆتۆمبیلەکە خاوەنی دوو پستۆن بوو و ساڵی ١٩٠٢ نمایش کرا لە پێشەنگای هامبۆرگ مۆتۆر. ئۆپڵ دیرارک تا ساڵی ١٩٠٧ بەردەوام بوو دواتر دروستکردنی ڕاگیرا بە هۆکاری کۆتایی هاتنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسییەکە.

ساڵی ١٩٠٩ مۆدێلێک خرایە بازاڕ بەناوی Opel 4/8 PS کە بە دکتۆر واگن ناسراوە "ئۆتۆمبیلی پزیشک" ئەم ئۆتۆمبیلە تایبەت بوو بە نەخۆشخانەکان و پزیشکەکان کە شوێنی دانانی دەرمان و کەلوپەلی هەبوو و پێشوازی باشی لێ کرا لەلایەن پزیشکەکان. ئۆتۆمبیلەکە وا دروستکرابوو بەرگەی خراپی ڕێگەکانی دەگرت و لە هەمان کاتیشدا بۆ نەخۆشەکان گەر بریندار یان هەر نەخۆشییەک بایە هەستیان بە ئازار نەدەکرد تیایدا. 

ئۆپڵ توانی ٣٩٥٠ ئۆتۆمبیلی دکتۆر واگن بفرۆشێت، کە یەکێک بوو لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئۆپڵ کە لە بری خەڵکی ئاسایی بکاتە ئامانج هەستان بە ئامانج گرتنی پزیشک و نەخۆشخانە. ساڵی ١٩١١ کارگەی ئۆپڵ لە ئەنجامی ئاگر کەوتنەوەدا سووتا و دانەیەکی نوێ دروستکرایەوە بە نوێترین ئامێر و کەرەستە. لە ژێر فشاردا کە داوای کەمکردنەوەی ئۆتۆمبیلی تایبەت دەکرا لەبەر زیان گەیاندن بە ڕێگا گشتییەکان ساڵی ١٩١٧ بارهەڵگری "ئۆڤاڵ"یان بەرهەمهێنا و ساڵی ١٩١٩ خرایە بازاڕ کە لای کڕیاران بە ئۆپڵ ڕێنبان ناسراو بوو کە بەواتای بارهەڵگری پێشڕکێ دێت. 

ساڵانی ١٩٢٠-١٩٣٩

سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ ئۆپڵ ناوی چووە پێوانەی مێژوویی بەوەی یەکەم براند بوو بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرهەمی هەبێت لە بواری ئۆتۆمبیل سازیدا. ساڵی ١٩٢٤ ئۆتۆمبیلی دوو سەرنشینی بەرهەمهێنا کە بە ئۆتۆمبیلی Laubfrosch ناسراوە کە بە کوردی واتا بۆقی. هۆکاری ئەم ناوە ئەوە بوو بە ڕەنگی سەوز خرایە بازاڕ. نرخیشی ٣٩٠٠ مارک بوو کە گرانترین ئۆتۆمبیلی ئۆپڵ بوو لەو سەردەمەدا. 

ساڵانی ١٩٣٠ ئۆپڵ هاتە پیشەسازی بەرهەمهێنای موشەک و باڵۆن بە پڕۆگرامی Opel RAK کە باڵۆنەکان بۆ مەبەستی گەشتیاری بەکاردەهێنران و خواستی زۆریان لەسەر بوو. هەر لەو ساڵانەدا پشکی ئۆپڵ لە بازاڕی ئەڵمانیا ٣٧٫٥٪ بوو. لە ساڵی ١٩٢٨دا ئۆپڵ گەورەترین هەناردەکاری ئۆتۆمبیل بوو. یەکەم کۆمپانیاش بوو لەو سەردەمەدا ئۆتۆمبیلی هەشت پستۆن بەرهەم بهێنێت کە ناوی Regent بوو کە بزوێنەرەکەی RAK 1 و RAK 2 بوو کە موشەکی پێ هەڵدەدرا و بەرگەی فشاری زۆری خێرایی دەگرت. ئەو ئۆتۆمبیلانەی ئۆپڵ کە بە پڕۆگرامی RAK بەرهەم دەهاتن توانایان زۆر بوو و لە خێراییشدا پێوانەی جیهانیان تۆمار دەکرد، کە تەنها ئۆپڵ پێوانەکانی خۆی دەشکاندەوە و هیچ کۆمپانیایەکی تر ڕکابەری نەبوو. 

یەکێک لەو پێوانانە ساڵی ١٩٢٨ بوو کاتێک موشەکێک بە پڕۆگرامی RAK 2 کە ڤۆن ئۆپڵ کەشتیوانی بوو توانی بگاتە خێرایی ٢٣٨ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە بەردەم ٣٠٠٠ بینەردا ئەم پێوانەیەی بەدەست هێنا. هەروەها کۆمپانیای ئۆپڵ یەکەم شەمەندەفەریان بە بزوێنەری RAK 3 دروستکرد کە توانی خێرایی ٢٥٦ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕێت و پێوانەی جیهانی تۆماربکات. 

ئۆپڵ لە ژێر خاوەنداریەتی GMC

ساڵی ١٩٢٩ کۆمپانیای GMC ٨٠٪ پشکەکانی ئۆپڵی کڕیەوە کە ٣٣٫٣ ملیۆن دۆلاریان دا بە خێزانی ئۆپڵ و کۆمپانیا ئەمریکییەکە بووە خاوەنی نوێی ئۆپڵ، هۆکاری فرۆشتنەکەشی ئەوە بوو ئەڵمانیا داوایان دەکرد بە مەرج کاربکەن ئەوانیش بە وەڕازی نەبوون و کۆمپانیاکەیان فرۆشت. کۆمپانیای جنڕاڵ مۆتۆرز بەوە ناسراو بوو کەوا ئۆتۆمبیلی کارکردن یان بازرگانی دروست دەکرد هەر لە ئەنجامی ئەمەدا ساڵی ١٩٣٥ ڕێژەیەکی زۆر لە بازهەڵگری "بلیتز"ی خستە بازاڕ کە بە ڕووناکی ناسراو بوو. 

ساڵی ١٩٣١ جنڕاڵ مۆتۆرز بە تەواوی بوونە خاوەنی ئۆپڵ و تا ساڵی ٢٠١٧ خاوەندارییەتیان کرد و گەلێک دەستکەوتیان بە دەست هێنا. ساڵی ١٩٣٥ ئۆپڵ یەکەم بڕاندی ئەڵمانی بوو ساڵانە ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبیلی بەرهەم دەهێنا ئەمەش لەبەر ئەو ناوبانگەی بە Opel P4 بەدەستیان هێنا کە نرخی ١٦٥٠ مارکی ئەڵمانی بوو. ساڵی ١٩٣٨ ئۆتۆمبیلی کاپیتانی بەرهەم هێنا کە بزوێنەرەکەی ٢٫٥ لیتر و شەش پستۆن بوو، لاشەی ئۆتۆمبیلەکە لە ستیل بەرهەم هاتبوو، ٢٥٫٣٧٤ ئۆتۆمبیل بەرهەم هێنرا لەم مۆدێلە تا ساتی دەستپێکی جەنگی جیهانی دووەم. کە تا کۆتایی جەنگەکە ئۆپڵ بەرهەمی لە ئەڵمانیا ڕاگرت بە هۆکاری سیاسی چونکە ئەڵمانیا دژی ئەمریکا بوو و خاوەنی ئۆپڵیش کۆمپانیایەکی ئەمریکی بوو. 

ساڵانی ١٩٤٥-١٩٧٠

دوای کۆتایی جەنگ ٤٧٪ کارگەکانی ڕوسێلشێم ڕووخابوون یان زیانیان بەرکەوتبوو، فەرمانبەرەکانی پێشووی ئۆپڵ کارگەی ڕوسێلشێمیان بنیادنایەوە، ساڵی ١٩٤٦ بارهەڵگری بلیتز خرایەوە بازاڕەکان. 

ساڵانی ١٩٧٠-٢٠١٧

ساڵانی ١٩٧٠ بەدواوە لە هەموو جیهان مۆدێلێکی نوێی ئۆتۆمبیل هاتە کایەوە ئەویش ساڵۆن یاخود سیدان بوو کە ئۆتۆمبیلی نزم کە توانای هەڵگرتنی پێنج سەرنشینی هەبوو، لە ١٩٧٠کاندا ئۆپڵ چووە بازاڕی بەڕیتانیا وەکو فراوانکردنی شوێنیان لە بازاڕی ئەورووپا. بۆ وڵاتی بەڕیتانیا ئۆتۆمبیلی Opel Ascona بەرهەم هێنرا کە تەواو شیاو بوو بۆ ڕێگاکانی ئەو وڵاتە. هەروەها لە ساڵی ١٩٨١ ئۆتۆمبیلی ئۆپڵ ئەسترا خرایە بازاڕەکانی ئەورووپا و بەتایبەتیش بەڕیتانیا.

لە ١٩٨٠کاندا ئۆپڵ فروان بوونێکی زۆریان بەخۆوە بینی و پێشوازیان لێکرا لە بازاڕەکانی ئیسپانیا کە تا ئەو کاتە ئۆپڵ پشکی نەبوو لە بازاڕەکانی ئیسپانیادا. لە شاری زاراگۆزا لقێکیان کردەوە و لەوێ مۆدێلی ئۆپڵ کۆرسا بەرهەم هێنرا. ساڵی ١٩٨٤ ئۆپڵ خەڵاتی ساڵیان بۆ براندی ئەورووپی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل بردەوە لە ئەنجامی ئەو پێوانەی ئۆپڵ ئۆمیگا تۆماری کرد لە ڕووی فرۆش کە لە ساڵی ١٩٨٥ و ١٩٨٦ بەهەمان شێوە بوونەوە براندی ساڵ بۆ هەمان مۆدێل.

ساڵی ١٩٨٨ مۆدیلی ئۆپڵ ڤیکترا خرایە بازاڕەوە کە ڕکابەری زۆربەی ئۆتۆمبیلەکانی ئەو سەردەمە بوو بەتایبەتی لە بەڕیتانیا ڕکابەری کاڤالێری دەکرد. لەو ساڵەدا ئۆپڵ ڤیکترا و ئۆمیگا پڕفرۆشترین ئۆتۆمبیل بوون. ساڵی ١٩٨٤ زۆربەی مۆدێلە تازەکانیان کردە تۆربۆ چارجەر کە توانیان پێوانەی خێرایی تۆماربکەن بۆ 2.3 TD

ساڵانی ١٩٩٠ ئۆپڵ ئاسیای بە ئامانج گرت تا بازاڕ بۆ خۆی دروست بکات هەر لەو ساڵانەدا مۆدێلەکانی ئۆمیگا و ئەسترا و ڤیکترا گەیشتنە عێراق و وڵاتەکانی تری ئاسیا. گرفتی ئەم ئۆتۆمبیلانە ئەوە بوو فێنکەرەوەیان نەبوو یان بە کەمی هەبوو فێنکەرەوەی هەبێت بۆ وەرزی گەرما. یاخود مۆدێلی ڤیکترا ١٩٩٥ و ١٩٩٦ هەندێکیان توربۆیان هەبوو کە وایدەکرد بزوێنەرەکەی گەرم ببێت لە وەرزی گەرمادا و ئۆتۆمبیلەکە لە کار بخات. هۆکاری ئەمەش ئەوەبوو ئۆپڵ بۆ ئەم وڵاتانە ڕاستەوخۆ تیایاندا لقی نەکردەوە بەڵکو بازرگانەکان لە ئەورووپاوە ئۆتۆمبیلیان دەهێنا کە بە تایبەتمەندی ئەوێ دروستکرابوون. 

ئۆپڵ لە ساڵی ١٩٩٩ دا کۆتا ساڵی بوو کە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ پڕ داهاترین کۆمپانیا بووبێت و لە لوتکەدا بێت. لە ساڵی ٢٠٠٢ ئۆپڵ هیچ داهێنانێکی تێدا بەدی نەدەکرا و هەر ڤێرژنە کۆنەکانی نوێ دەکردەوە هەروەکو لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٤ نەوەی سێیەمی کۆرسای خستەوە بازاڕ. ساڵی ٢٠٠٨ نەوەی سێیەمی ڤیکترا بووە براوەی خەڵاتی ساڵ بۆ باشترین براندی ئەورووپی ساڵی ٢٠٠٨. ئەم پێوانەیەش ئۆپڵی کردە خاوەنی ٢٢ خەڵاتی ساڵ بۆ باشتین براندی ئۆتۆمبیل لە ئەورووپادا. دوای قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠٠٨ کۆمپانیای جنڕاڵ مۆتۆرز ٥٥٪ پشکەکانی ئۆپڵی فرۆشت بە گرووپی سبێر بانک. 

ساڵانی ٢٠١٧ بە دواوە

لە مانگی ئاداری ٢٠١٧دا PSA Group ڕاززبوون بە کڕینەوەی ئۆپڵ بە بەهای ٢٫٢ ملیار دۆلار و لە مانگی ئابی هەمان ساڵ بوونە خاوەنی براندەکە. ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی بەدەستهێنانیان گەیشتە ٨٥٩ ملیۆن یۆرۆ کە لە ساڵی ١٩٩٩ ئەم ڕێژەیە بەدەست نەهاتبوو. ساڵی ٢٠٢١ دوای چوار ساڵ لە خاوەندارییەتی کۆمپانیاکە فرۆشرا بە Stellantis کە خاوەنی دەستەیەک براندی ئۆتۆمبیلە کە چەندین وڵات لە خۆ دەگرێت وەکو براندی فەرەنسی و ئیتاڵی و ئەمریکی.

خەڵاتە ئەورووپی و جیهانییەکان بۆ ئۆتۆمبیل

ئۆپڵ خاوەنی ٢٢ خەڵاتی باشترین براندی ساڵە لە ئەورووپا و خاوەنی سێ خەڵاتی باشترین ئۆتۆمبیلی ساڵە لە جیهاندا لە نێوان ١٩٨٤ و ١٩٨٥ و ١٩٨٦ بۆ مۆدێلی ئۆمیگا کە هیچ براندێک بۆ سێ ساڵی یەک بە دوای یەک ئەم خەڵاتەی وەرنەگرتووە لە جیهاندا. دواهەمین خەڵات لە ساڵی ٢٠١٦ وەریان گرت بۆ باشترین ئۆتۆمبیلی ساڵ ئەویش بۆ Astra K بوو. 


سەرچاوەکان



18 بینین